پێستی تۆ

Friday, 10.30.2020, 12:08 PM (GMT+2)

بایەخدان بە پێست » بابەتی تر

هۆکار و چارەسەرەکانی پێستی بێ شەوق و تاریک

(4037 بینراوە)   | Sunday, 09.23.2018, 12:30 AM |


لە ژێر کاریگەری چەند هۆکارێکدا ئەکرێت پێستمان ڕەونەقەکەی لەدەست بدات، ئەنجام  وا دەر ئەکەوین کە هیلاک و بێ ڕەنگ بین وە کەسەکە گەورەتر دەربکەوین لە تەمەنی خۆمان.  نمونەی ئەو هۆکارانەش: نەخۆشی، بایەخ نەدان بە پێست یان بەکارهێنانی بەرهەمی نەشیاو، ستایلێکی ژیانی ناتەندروست (خواردنی ناتەندروست، وەرزش نەکردن، جگەرەکێشان و مەی خواردنەوەی زۆر بۆماوەیی...هتد.  


چی بکەین بۆ ئەوەی پێستێکی پرشنگدار و گەشمان هەبێت؟

بە خۆشحاڵیەوە چەند ڕێگایەک هەیە کە بە هۆیانەوە ئەتوانین هەتا ئاستێکی بەرچاو پێستێکی گەش و شەوقدار بەدەست بهێنین (گەر هۆکارەکە نەخۆشی بێت ئەوا لە تەنیشت ئەم چارەسەرانەشدا چارەسەری پزیشکیشی پێویستە بە گوێرەی جۆری نەخۆشیەکە).

ئەگەر تۆ کێشەی ئەوەت هەیە کە پێستت تاریک و بێ شەوقە، پاش خوێندنەوەی ئەم خاڵانەی خوارەوە بزانە کەمتەرخەمیت لە کامیاندا  ئەنجامداوە!


١- بایەخ بە پێستت بدە بە بەکارهێنانی بەرهەمی باش و گونجاو

گرنگە ڕۆژانە پێستت خاوێن بکەیتەوە لەو پیسیەی کە لەسەری نیشتوە، ئەوانیش پێک هاتوون لە ئارەق، چەوری، خانە مردوەکان، تەپوتۆز، دوکەڵ، پاشماوەی ئارایشت ....هتد. بە بەکارهێنانی خاوێنکەرەوەیەکی  نەرم ، چونکە گەر لە کاتی خۆیدا پاکی نەکەیتەوەوە ئەبێتە هۆی ئەوەی کە پێستت تاریک و بێ بریقە دەربکەوێت هەروەها چانسی دروستبوونی زیپکەش تیایدا زیاد ئەکات.

بۆ ئەوەی پێستت لە وشکبوونەوە بپارێزیت پێویستە ڕۆژانە کرێمێکی شێدارکەر بەکاربهێنیت. چونکە وشکبوونەوەی پێست ئەبێتە هۆی لەدەستدانی ڕەونەقەکەی.

خانەکانی پێستی ئێمە هەمیشە لە نوێ بوونەوەدایە، هەربۆیە گرنگە پێستت پاک بکەیتەوە لەو خانە مردوانەی کە کەڵەکە بوون لەسەر پێست و بە شۆردنی ئاسایی لێ نابنەوە. بۆ ئەمە پێویستە مقشرەکانی وەک ساڵەسیلک ئەسید و گلایکۆلیک ئەسید بەکاربهێنیت بە تایبەتی ئەگەر تەمەنت سەر و ٣٠ ساڵ بێت . چونکە مانەوەی ئەم خانە مردوانە بەسەر پێستەوە وا ئەکەن کە زبر و بێ بریقە و کەم شێ و تاریک دەربکەوێت.

سەرو هەموو ئەمانە گرنگە پێستت بپارێزیت لە زیانەکانی تیشکی خۆر بە بەکارهێنانی کرێمێکی دژەخۆری گونجاو. چونکە تیشکی سەروبنەوشەیی جگە لەوەی ئەبێتە هۆی پیربوون و دروستبوونی پەڵە، پێستیش وشک ئەکاتەوە بەمەش پێستەکە بێ شەوق ئەبێت.


٢- بەرنامەیەکی خواردنی تەندروست بۆ خۆت دابنێ

بە شێوەیەکی گشتی خواردنی سەوزە و میوەی تازە ئەبێتە هۆی ئەوەی کە کەسەکە پێستێکی گەش و جوانی هەبێت، لەبەرئەوە سەوزە و میوەی تازەی جۆراوجۆر بخۆ.

لە ئەنجامی چەند لێکۆڵینەوەیەکەوە دەرکەوتووە کە خواردنی ئەو میوە و سەوزانەی کە کارۆتینۆیدس Carotinoids لە خۆ ئەگرن ڕەنگ و ڕووی کەسەکان جوان و سەرنج ڕاکێش ئەکات بە بێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کە کەسەکە لە بنچینەدا پێستی چ ڕەنگێکە.  ( Carotinoids : ڕەنگی زەرد، پرتەقالی، سور کە بە شێوەیەکی گشتی لە ڕووەکەکاندا هەیە هەروەها لە ماسی سەلەمون و زەردێنەی هێلکەشدا هەیە). نمونەی ئەو سەوزە و میوانەی کە کارۆتینۆیدسیان تێدایە: گێزەر، پرتەقال، کاڵەک، قەیسی، بیبەری زەرد، مانگۆ...هتد

هەروەها ئەو سەوزانەی کە ڕەنگی گەڵاکانیان سەوزی تێرە وەک سپێناخ و بروکۆلی. بێ گومان ئەمەش لە ماوەی شەو ڕۆژێکدا ڕوو نادات بەڵکو پێویستە بۆ ماوەی شەش هەفتە هەموو ڕۆژێک بیخۆیت ئەوسا جیاوازیەکە ئەبینیت.

بەڵام وریابە گەر زیادە ڕۆییش بکرێت لە خواردنی ئەو سەوزە و میوانەدا کە کارۆتینۆیدسیان تێدایە، ئەبێتە هۆی گۆڕانی ڕەنگی پێست بە شێوەیەکی ناسروشتی ئەمەش زیانی تەندروستی نیە بەڵام لە ڕوی جوانکاریەوە کاریگەری نەرێنی هەیە.


٣- ئاوی پێویست بخۆرەوە

لەشی ئێمە پێویستی بە ئاوە، هەرکاتێک بڕی ئاو کەم بێت لە لەشدا کاریگەریەکەی لەسەر پێست دەرئەکەوێت وشک و ڕەنگ تاریک ئەبێت. هەربۆیە گرنگە ڕۆژانە نزیکەی شەش پەرداخ ئاو بخۆیتەوە، شایانی باسە زیادە ڕەوی لە خواردنەوەی ئاودا نابێتە هۆی ئەوەی کە زیاتر کاریگەری ئەرێنی هەبێت لە سەر پێستت بەڵکو بە پێجەوانەوە ئەگەری زیانی تەندروستی تری هەیە.


٤- بوەستە لەجگەرەکێشان و زۆر خواردنەوەی مەی

جگەرەکێشان و خواردنەوەی مەی دوژمنی ڕەنگ و ڕویەکی گەش و جوانن.


٥- خەوی پێویست بنو

کەم خەوی ئەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە پێستی بێ ڕەنگ و ماندو بێت، لەبەر ئەوە هەوڵبدە شەوانە هەشت کاتژمێر بنو.


٦- پیاسە بکە هەوایەکی پاکدا

ئەگەر هەموو ڕۆژەکە بەهۆی کارکردنەوە لە ئۆفیس بمێنیتەوە، پاشان بە ئۆتۆمبیل بڕۆیتەوە بۆ ماڵەوە، لە ماڵیشەوە بە کاری ناو ماڵ و تەلەفزیۆن و سۆشیال میدیاوە سەرقاڵ بیت، ئەو کاتە لە هەوایەکی پاکت کەم ئەبێت. هەوای پاک زۆر گرنگە بۆ پێست، هەوڵ بدە ڕۆژانە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بە پێ بڕۆ، چونکە رۆشتن بە پی ئەبێتە هۆی ئەوەی سوڕی خوێن چالاک بێت و ئۆکسسجین و ماددە خۆراکیەکان باشتر بگەنە خانەکانی پێست. ئەمەش کاریگەری هەیە لە سەر ڕەنگ و ڕوویەکی گەش و جوان . (هەوڵ مەدە بیانوو بهێنیتەوە بۆ ئەوەی بە پێ نەڕۆیت، بۆ نمونە پێت وابێت کە کەش و هەوای کوردستان پیس بووە و گەرمە، ئەتوانیت شەوان یان ئێواران کاتێک کە فێنکە لە جیاتی ئەوەی بە ئوتومبێل ئەچیتە دەرەوە بە پێ بڕۆیت دڵنیابە سودی خۆی ئەبێت).


٧- دووربکەوەرەوە لە دڵەراوکێ

دڵەڕاوکێ کاریگەری ئەرێنی هەیە لە سەر زۆربەی زیندەچالاکیەکانی لەش، پێستیش بێ بەش نیە لەمە. دڵەڕاوکێ ئەبێتە هۆی دواخستنی نوێ بوونەوەی خانەکانی پێست و وەستانی بەرهەمهێنانی ئەو ماددانەی کە پێست بە چەوری و شێداری ئەهێڵنەوە. ئەنجام کەسەکە ڕەنگی تاریک و بێ شەوق ئەبێت.





(دەنگدراوە: 0)


وێنە

کتێبی (پێستی تۆ)