پێستی تۆ

Friday, 10.23.2020, 02:24 AM (GMT+2)

جۆر و حاڵەتی پێست » پێستی وشک

پێستی وشک Dry skin

(2978 بینراوە)   | Monday, 09.10.2018, 11:06 AM |



پێستی وشک بەوەدا ئەناسرێتەوە کە تاریک و بێ بریقەیە، واتا بریقەیەکی سروشتی نیە وە هەندێک جار توێژی هەڵداوە، هەروەها زیاتر چرچی ورد وردی پێوە دیارە، خێرا سور هەڵئەگەڕێت و بێزار ئەبێت، زۆربەی جار لە دوای خۆشتن کەسەکە هەست بە کزانەوە یان حاڵەتێکی بێزارکەر و ناخۆش ئەکات لە پێستیدا.

وشکی پێست ئەگەڕێتەوە بۆ کەمی بەرهەمهێنانی ئەو چەوریە تایبەتیەی کە دەرئەدرێت لەلایەن پێستەوە، چەوری پێست وا لە پێست ئەکات لاستیکی بێت وە لە هەمان کاتدا خێرایی بەهەڵمبوونی ئاو تیایدا کەم ئەکاتەوە و لە وشکبوونەوە ئەیپارێزێت.


هۆکارەکانی وشکی پێست:


١- زیان لێکەوتنی بەربەستی پێست (Skin barrier): هەرکاتێک چینە پارێزەرەکەی پێست زیانی پێ بگات ئەوا  بەربەستی پێست لاواز ئەبێت، ئەنجام پێستەکە وشک ئەبێتەوە و بڕێکی زۆر شێ لە دەست ئەدات، بەراوردی بکە بە خێرایی وشکبوونەوە و خراپ بوونی لالەنگیەک کاتێک بەبێ توێکڵ لە هەوادا دائەنرێت.

٢- کەش وهەوا:  هەندێک جار هۆکاری وشک بوونەوەی پێست کەش و هەوایە بۆ نمونە لە زستاندا بەهۆی با و هەوای سارد یان وشکی کەشی ناوماڵ و شوێنەکانی کار بەهۆی ئامێرە گەرمکەرەوەکانەوە.

٣- نەخۆشی: ئەکرێت هەندێک نەخۆشی ببێتە هۆی وشکبوونەوەی پێست بۆنمونە ئەکزیما و سەدەفیە و شەکرە.

٤- تەمەن: مرۆڤ هەتا بچێتە تەمەنەوە بڕی بەرهەمهێنانی چەوری (Sebum) لە پێستیدا کەم ئەبێتەوە، ئەمەش ئەبێتە هۆی وشکی پیستەکە.

٥- ستایلی ژیان: هەندێک لە خووەکانی ڕۆژانە ئەبنە هۆی وشک بوونەوەی پێست بۆ نمونە جگەرەکێشان و نەخواردنەوەی ئاوی پێویست و نەخواردنی خۆراکی تەندروست.

٦- بۆماوەیی: واتا پێستی کەسەکە بە سروستی بڕێکی کەم چەوری (Sebum) بەرهەم ئەهێنێت و بە سروشتی وشکە.



گەر پێستت لە جۆری وشکە ئەوا:


١- گونجاوە پێش خۆشتن یان مەلەکردن پێستت چەور بکەیت بە  زەیتێکی سروستی بۆ نمونە زەیتی زەیتون، هەروەها پاش خۆشتن دەستبەجێ چەوری بکە بە کرێمێکی شێدارکەر  لە کاتێکدا هێشتا پێستت تەڕە.


٢- ئەگەر تۆنەرەکەت بە گوێرەی پێویست چەوری تێدا نەبوو ئەتوانیت چەند دڵۆپێک زەیتی سروشتی بۆ زیاد بکەیت بۆ نمونە زەیتی زەیتون یان جۆجۆبا. هەروەها شەوان پاش بەکارهێنانی کرێمی شێدارکەر چینێکی ئەستور فازەلین یان زەیتی زەیتون بەکار بهێنە.

۳ـ پاراستنی پێست لە وشک بوونەوەی زیاتر بە بەکارهێنانی کرێمی شێدارکەر بەتایبەتی ئەو کرێمانەی کە پێکهاتە شێدارکەرەکانی وەک گلیسەرین و پێترۆلاتەمی تێدایە.

٤- بۆ لابردنی توێژە هەڵدراوەکان و پێستە مردووەکان ترشی گلیکۆلیک، ساڵەسیڵک یان گلوکۆنەلاکتۆن بەکار بهێنە.


٥- دوور بکەوە لە هەموو ئەو هۆکارانەی ئەبنە هۆی بێزاکردنی پێست و لاوازی چالاکیەکانی

بەربەستی پێست (Skin barrier)

٦ـ دووربکەوە لە لەبەرکردنی جلی خوری و پۆلستەر، بەڵکو  ئەوجلانە بەکار بهێنە کە لە لۆکە دروستکراون.


٧- ناوماڵی گەرم پێست وشک ئەکاتەوە، لەبەرئەوە لە زستاندا لە شوێنی زۆر گەرم خۆت بەدوور بگرە.


٨- پێستت بپارێزە لە تیشکی خۆر بە بەکارهێنانی دژەخۆرێکی گونجاو لەگەڵ جۆری پێستت، ئەگەر نا ئەوا پێستت زیاتر وشک ئەبێتەوە.






(دەنگدراوە: 0)


وێنە

کتێبی (پێستی تۆ)