پێستی تۆ

Friday, 10.30.2020, 11:57 AM (GMT+2)

جۆر و حاڵەتی پێست » ڕۆزەیشە (Rosacea)

Rosacea پەمەیی (الوردية) ڕۆزەیشە

(1970 بینراوە)   | Saturday, 09.01.2018, 02:06 AM |


ئەو نەخۆشیەی کە کەسانێکی زۆر لەوانەی پێستیان هەستیارە، گرفتاری بوون و پێوەی ئەناڵێنن بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزان کە هۆکارەکەی چیە!


ڕۆزەیشە Rosacea نەخۆشیەکی درێژخایەنی پێستە کە زۆربەی جار توشی کەسە سپی پێستەکان ئەبێت، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە پێست ئەسمەرەکان توشی نابن، ئەم نەخۆشیە زیاتر لای ژنان باوە هەتا پیاوان بەتایبەتی پاش تەمەنی ٣٠-٥٠ ساڵی.  Rosacea بە مانای (سور وەک گوڵەباخ) یەت واتا کەسەکە پێستی سورئەبێتەوە بە تایبەتی لە ناوچەی ڕوومەت و لوتدا؛ نەخۆشیەکی مەترسیدار نیە و ناگوێزرێتەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بەڵکو لە ڕووی جوانکاریەوە کار لە پێستەکە ئەکات و ئەی شێوێنێت، لە ئەنجامدا  لە ڕووی دەرونیەوە کار لە کەسەکە ئەکات و بێزار و بێتاقەتی ئەکات.


نیشانەکانی ڕۆزەیشە:


١- پێستی ڕووخساری کەسی توشبوو زۆر سورە (سوری ڕەنگی گوڵەباخ یان سورێکی مۆرباو)  لە ناوچەی ڕوومەت، لوت، ناوەڕاستی ناوچەوان (تەوێڵ) و چەناگەیدا. وە ئەکرێت تەنها لە ناوچەی پێستی لوتدا دەربکەوێت و زیپکەی هەوکردوی تێدا بێت.

١- زوو سورهەڵگەڕانی ڕوخساری توشبووەکە بەتایبەتی لە کاتی دڵەراوکێ، گۆڕانی پلەی گەرمی، خواردنەوەی ماددە کهولیەکان، حەمام کردنی گەرم و خواردنی ئەو ژەمە خواردنانەی کە زۆر گەرمن یان بەهاراتی تیژی تێدایە.

٢- ئەکرێت بە شێوازێکی دیار و بەرچاو وردە مولولەی خوێن ببینرێت لەسەر ڕوومەتی توشبووەکە بەتایبەتی ئەو ناوچانەی ڕوومەت کە نزیکە لە لوت، ئەمەش ناو ئەبرێت بە Telangiectasias.


٣- لە هەندێک حاڵەتدا دەرکەوتنی لیری بچوکی سور کە چەوری تێدا نیە بەڵکو شێی تێدایە، هەروەها زیپکەی سوری زەردباو لەو شوێنانەی ڕوخساردا کە لە خاڵی یەکدا ئاماژەم پێکردن.


٤- هەستیاری پێست بە بەرهەمەکانی جوانکاری و تیشکی خۆر.

٥-هەستکردن بە سوتانەوە و برژانەوە لە پێستی ڕوخساردا.

٦-هەندێک جار چاوی توشبووەکە زۆر هەستیارە و زوو کاری لێئەکرێت بۆ سوربوونەوە یان هەر حاڵەتێکی تری نائاسایی.


٧- ڕۆزەیشە چەند پلەیەکی جیاوازی هەیە، ئەکرێت نیشانەکانی زۆر بە تەنکی دەربکەون لە کەسە توشبووەکەدا.


هۆکارەکانی توشبوون بە ڕۆزەیشە:


هۆکاری توشبوون بە ڕۆزەیشە بە تەواوی نەزانراوە بەڵام هەندێک بۆچوون هەیە لەو بارەیەوە:

١- تیۆریەک هەیە پێی وایە کە مولولە خوێنەکانی پێستی ڕووخسار فراوان ئەبن بەهۆی بەرزی تەوژمی خوێن لە پێستی ڕوخساردا، یان بەهۆی وەڵامدانەوەی مولولە خوێنەکانی پێستی ڕوخسار بە چەند هۆکاریکی بزوێنەری ناوەکی و دەرەکی. ئەنجام وەستانی خوێن دروست ئەبێت لە مولولەکانی خوێندا و ئەبێتە هۆی هەوکردن، سوربوونەوە، ئاوسان، زیپکەی هەوکردوو. لەوانەشە لە ئەنجامی گۆڕانی ئەو ژینگە تایبەتەوە دروست ببێت کە پێست هەیەتی، یەکێک لەو ووردە زیندەوەرانەی کە لە سەر پێستی ئێمە هەیە بەناوی Demodex mite  کە لە ڕاستیدا کێشە نیە بۆ پێست، بەڵام ئەگەر لە ناکاو ب ژمارەیان زیاد بکات ئەوا ئەبنە هۆی هەوکردن لە پێستدا.

٢- زیان پێگەشتنی بەربەستی پێست Skin barrier )شێواندنی ئەو خاسیەتە سروشتیەی کە لە پێستدا هەیە کە بە هۆیەوە پێستمان لەشمان ئەپارێزێت لە زیانەکانی دەرەوە(.

٣- بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی کە Corticosteroids لەخۆ ئەگرن.


ووریابە!!!

- ڕۆزەیشە خراپتر ئەبێت بە بەکارهێنانی ئەو چارەسەرانەی کە بەکارئەهێنرێن بۆ فراوانکردنی بۆریەکانی خوێن، کە زۆرینەی جار بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە کێشەی تەسکبوونەوەی بۆریەکانی خوێنیان هەیە.

- دەستنیشانکردنی ڕۆزەیشە تاڕادەیەک زەحمەتە، هەر بۆیە هەندێک جار پزیشکەکان چارەسەری هەڵەی بۆ ئەنوسن،  ئەمەش نەخۆشیەکە بەرەو خراپتر ئەبات. هەندێک جار بە ئاکنی تێ ئەگەن یان تەنها سوربوونەوەیەکی کاتی، جگە لەوەش حاڵەتێکی تر هەیە کە زۆر لە ڕۆزەیشە ئەچێت بەڵام ئەو نیە، ئەویش هەستیاری (حەساسیەتە) بە پێکهاتەیەک وە یان زیاتری بەرهەمەکانی جوانکاری.

- بەکارهێنانی ئەو کرێم و مەرهەمانەی کە Corticosteroids لەخۆ ئەگرن ڕۆزەیشە خراپتر ئەکەن (بۆ نمونە Hydrocortison, Triamcinolon ) . لە سەرەتای بەکارهێنانیدا تا ڕادەیەک کاریگەری باشیان هەیە و سوربوونەوەکە کەم ئەکەنەوە بەڵام پاش ئەوەی کە نەخۆشەکە ئەوەستێت لەبەکارهێنانی حاڵەتەکە خراپتر ئەکات و نەخۆشیەکە بەرەو خراپتر ئەچێت. وە ئەگەر نەخۆشە دوبارە دەست بکاتەوە بە بەکارهێنانی دیسان بە هەمان شێوە سوربوونەوەکە ناهێڵێت بەڵام جار بۆ جار کە نەخۆشەکە ئەوەستێت لە بەکارهێنانی حاڵەتەکە بەرەو خراپتر ئەبات و وەک و جۆرێک لە ئاڵودەبوونی لێ دێت. ئەگەر نەخۆشەکە بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی حاڵەتی پێستەکە ئێجگار بەرەو خراپی ئەبات و ڕووبەڕووی کێشەکانی تری پێستی ئەکاتەوە.


گەر ڕۆزەیشەت هەیە ئەوا:


- ئەگەر بە گومانیت لەوەی کە ئەم نەخۆشیەت هەیە ئەوا بە زووترین کات سەردانی پزیشکی تایبەت بە نەخۆشیەکانی پێست بکە بۆ وەرگرتنی چارەسەر و زانیاری زیاتر.

هەندێک جار پزیشکەکان ڕێنمایی کەسە توشبووەکە ئەکەن بە بەکارهێنانی چارەسەری ناوەکی و دەرەکی پێکەوە. ناوەکی بە خواردنی حەبی ئەنتی بایۆتیکا، دەرەکی بە بەکارهێنانی کرێم و جێڵی پزیشکی، بەتایبەتی لەحاڵەتی بوونی زیپکە سورەکاندا. بێگومان بە هیچ جۆرێک تەندروست و گونجاو نیە کە هیچ جۆرە حەب و دەرمانێک بەبێ ڕێنمایی پزیشک بەکار بهێنیت چونکە بە هەڵە بەکارهێنانی دەرمان ئەکرێت حاڵەتەکە بەرەو خراپتر بەرێت و کيشەی تەندروستی بە دوای خۆیدا بهێنێت!

لە ڕووی جوانکاریەوە ئەکرێت سود لە چارەسەرەکانی وەک لێزەر وەربگیرێت نمونەی ئەوانە:

  CO2RE fractional laser، The V beam laser کە بە گوێرەی حاڵەتەکە ئەگۆڕێت.


- خزمەتکردنی ڕۆژانەی پێست زۆر گرنگە بۆ پێستێک کە ڕۆزەیشەی هەیە، ئەگەر نا بەرەو خراپتر ئەچێت.

- گرنگە ئەو بەرهەمە جوانکاریانە بەکار بهێنیت کە بۆ پێستی هەستیار دروست کراون، ئاگاداربە لە بازاڕەکاندا چەندین بەرهەم هەیە کە لەسەر پاکەتەکەی یان قوتووەکەی نوسراوە بۆ پێستی هەستیار یان سروشتی، بەڵام ئەگەر پێکهاتەکانیان بخوێنیتەوە زیان بە پێستێک ئەگەیەنن کە هیچ گرفتێکی نیە چما  بۆ پێستی هەستیار.

- گرنگە دوور بکەویتەوە لە بەکارهێنانی ئەو کرێم و دژەخۆرانەی کە بۆن (Parfum) و دینەیچەرد ئەلکهۆل (Alcohol denat) لە پێکهاتەکانیدا هەیە، بە تایبەتی ئەو بەرهەمانەی کە بەڕێژەیەکی زۆر پێکهاتەی ناوبراوی تێدایە.

- پێویستە ئەو کرێمانە بەکار بهێنیت کە پێکهاتە هێورکەرەوەکان و دژەئۆکسانەکانی تێدایە، چونکە پێستی کەسی توشبوو بە ڕۆزەیشە بڕێکی کەمتر دژەئۆکسانەکانی تێدایە هەربۆیە پێویستە لە ڕێگای بەکارهێنانی کرێمەوە قەرەبووی بۆ بکرێتەوە، ئەگەر نا پێستت لە تەمەنێکی ئێجگار زوودا ڕووبەڕووی پیربوون ئەبێتەوە.

لە ئەنجامی چەند لێکۆڵینەوەیەکەوە دەرکەوتوە کە چەند پێکهاتەیەکی بەرهەمەکانی جوانکاری یارمەتی باشتر بوونی ڕۆزەیشە ئەدەن، نمونەی ئەو پێکهاتانە:

·         ڤیتامینC

·         ڤیتامینB3 - نایاسینەماید (Niacinamide)

·         Glycyrrhiza glabra

·         Azelaic acid 

·         Retinol

·         چای سەوز (Green tea)

·         ئالانتۆین(Allantoin)

·         Ginkgo biloba

·         Aloe vera

·         Salicylic acid

·         ڤیتامینE

- پێویستە زیاتر پێستت بپارێزێت لە تیشکی خۆر وەک لە کەسانی تر.

-گرنگە ڕۆژانە تێبینی بکەیت وە لای خۆت بینوسیت کە بە چ هۆکارێک پێستت ئەوروژێت بۆ نمونە تیشکی خۆر، دڵەڕاوکێ، شێ، ژەمەخواردنی تون و تیژ وە یان خواردنەوە کهولیەکان. بەم شێوەیە گەر هۆکارەکە زانراو بێت ئەتوانیت خۆتی لێ بپارێزیت.

- دوور بکەوەرەوە لە گشت ئەو هۆکارانەی کە ئەبنە هۆی شێواندنی بەربەستی پێست Skin barrier.





(دەنگدراوە: 0)

بابەتی لەیەکچوو



وێنە

کتێبی (پێستی تۆ)