مەیک ئەپ » دەست و نینۆک
ڕێگایەکی ئاسان و کاریگەر بۆ شێدارکردن و نەرمکردنی پێستی دەست و پەنجە
(3308 بینراوە) | Saturday, 11.11.2017, 08:00 AM |
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانەوە دەرکەوتووە کە ڕۆژانە تێکڕا دەستمان نزیکەی ٩ جار ئەشۆین، لای هەندێک کەس ئەگاتە سەر و ٢٠ جار بەتایبەتی ژنان. بێگومان پێویستە گرنگی بە پاک و خاوێنی دەستەکانمان بدەین چونکە ٨٠٪ ی نەخۆشیە گوێزراوەکان بەهۆی دەستەوە ئەگوێزرێنەوە. بەڵام بەداخەوە شتنی زۆر زیان بە پێست ئەگەیەنێت و تووشی ووشکبوونەوە و قڵیشانی ئەکات. هەربۆیە گرنگە ڕۆژانە گرنگی بە پێستی دەست و پەنجەمان بدەین بەبەکارهێنانی کرێمێکی شێدارکەری دەست، ئەگەر نەبوو ئەتوانیت زەیتێکی سروشتی بەکار بهێنیت. بەڵام ئەمەش تاڕادەیەک بێزارکەرە کە ڕۆژانە بە دەستی چەورەوە ئیش و کارەکانت بەڕێ بکەیت، هەربۆیە لێرەدا ڕیگایەکی ئێجگار کاریگەرتان پێ ئەناسێنم کە هەموو کەس ئەتوانێت ئەنجامی بدات.
پێویستیەکان:
١- سێ کەچکی چێشت زەیتێکی
سروشتی (زەیتی گوێزی هندی، زەیتی زەیتون، زەیتی بادام، زەیتی جۆبجۆبا یان هەر زەیتێکی
تری سروشتی کە لەبەردەستدایە گرنگ ئەوەیە بێ خەوش بێت ).
٢- ئەگەر هەبوو دوو کەوچکی
چێشت هەنگوین ( ئەگەر نەبوو ئەتوانی بەکاری نەهێنیت).
٣- جوتێک دەستکێشی نایلۆن
( دەستکێشی سەفەری).
ڕێگای ئیشکردن:
١- زەیتەکە و هەنگوینەکە
لە قاپێکدا باش لەگەڵ یەکتر تێکەڵ بکە.
٢- شەو پێش ئەوەی بچیتە جێگا و بنویت دەست و پەنجەو
نینۆکەکانت باش بە گیراوەکە بشێلە هەتا جوان بچێتە ناو پێستەکەوە، ووریابە قەراغی
نینۆکەکانت بیر نەچێت و بە تێر و تەسەلی گیراوەکە بەکار بهێنە واتا بە بڕیکی زۆر.
٣- دەستکێشە نایلۆنەکان بکە
دەستت (ئەگەر نەبوو ئەوا عەلاگە یان دوو کیسەی بچوکی نایلۆن واتا کیسەی
هەڵگرتنی خواردەمەنی بەکاربهێنە و باش لە مەچەکتدا بیبەستە). بەم شێوە شەو پێوەی بخەوە.
٤- بەیانی پاش ئەوەی لەخەو
هەستایت دەستکێشەکان دابکەنە و دەستت بە ئاوی شلەتێن و شامپۆی دەستشتن بشۆ. پاشان ئەنجامەکەی
ببینە!!