پێستی تۆ

Wednesday, 11.25.2020, 04:08 PM (GMT+2)

بایەخدان بە پێست » بابەتی تر

پێستێکی جوان و تەندروست مەحاڵە بەبێ بوونی ئۆمێگا ٣ Omega 3

(3342 بینراوە)   | Tuesday, 09.19.2017, 03:10 PM |



ترشە چەوریەکانی ئۆمێگا  لە جۆری چەوریە ناتێرەکانن و زۆرگرنگ و بەهادارن بۆ لەش، چەند  جۆرێکیان هەیە کەبریتین لە ئۆمێگا ٣، ئۆمێگا ٦، ئۆمێگا ٩.

ئۆمێگا ٣ و ئۆمێگا ٦ لەو ترشە چەوریە گرنگانەن کە لەشی مرۆڤ ناتوانێت دروستیان بکات بەڵکو ئەبێت لە ڕێگای خواردنەوە وەری بگرێت. لێکۆڵینەوەکان دەریئەخەن ئەم چەوریانە لە چەندین ڕووەوە  گرنگن بۆ تەندروستی مرۆڤ وەک دڵ و بۆریەکانی خوێن، جومگەکان، زیاد کردنی توانای هزر و بیر و دەزگای بەگری ...هتد  بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە باسی لێ بکەین کاریگەری ترشە چەوریەکانی ئۆمێگا ٣ یە لەسەر پێست.


ئۆمیگا ٣ لە سێ جۆر ترشە چەوری پێک یەت، ئەوانیش:

١- Alpha-linolenic acid (ALA)

٢- Eicosapentaenoic acid (EPA)

٣- Docosahexaenoic acid (DHA)


(ALA) سەرچاوەکەی ڕووەکیە و دروست ناکرێت لە لەشدا بەڵکو ئەبێت لە ڕێگەی خۆراکەوە وەربگیرێت. تۆوی کەتان بە پلەی یەکەم یەت لە دەوڵەمەندیدا بە(ALA)،  پاشان گوێز و زەیتی  سۆیا، هەروەها سەوزە گەڵا سەوزەکانی وەک سپێناخ و سڵق کەمێکی تێدایە.


(EPA) و (DHA) سەرچاوەکەیان ئاژەڵی دەریاییە، وەک کریل و ماسی چەور (ماکریل - تراوت دۆگ فیش هێرین و سەلمون). هەروەها لەش ئەتوانێت دروستی بکات لە ڕێگای خواردنی ئەو خۆراکانەی کە  (ALA) ی تێدایە.


لەشی مرۆڤ ڕاستەخۆ توانای وەرگرتنی (ALA) واتا سەرچاوە ڕووەکیەکەی نیە، هەربۆیە ئەیگۆڕێت بە (EPA) و (DHA، بەڵام ئەم گۆڕانکاریە لە لەشی هەندێک کەسدا زۆر زەحمەتە بەتایبەتی ئەوانەی کە ڕووەکی نین واتا گۆشت ئەخۆن. ئەنجام بڕێکی زۆر کەم لە (EPA) و (DHA بەرهەم ئەهێنرێت.

لە هەمان کاتدا لەشی مرۆڤ توانای وەرگرتنی سەرچاوە ئاژە ڵیەکە واتا  (EPA) و (DHA)  هەیە و پێویستی بە گۆڕانکاوی نیەو لەش ڕاستەخۆ سودی لێوەرئەگرێت.


سودی ترشە چەوریەکانی ئۆمێگا ٣ بۆ پێست:

١- ڕێکخستنی دەردانی چەوری (Sebum) لە پێستدا.

٢- سودی هەیە لە پاراستن و چارەسەرکردنی پێست لە ووشک بوونەوە و کێشەکانی تری وەک توێژهەڵدان و نەخۆشی سەدەفیە.

٣- پاراستنی پێست لە توشبوون بە ئاکنی.

٤- پاراستنی پێست لە پیربوون لە تەمەنێکی گەنجدا.

٥- پێست بەهێز و ساف ئەکات.

٦- ڕێکخستنی شێداری پێست.

٧- کەمکردنەوەی بێزاریەکانی پێست وەک سوربونەوە و هەستیاری.

٨- پێست بەهێز ئەکات دژی ئەو زیانانەی کە ژینگە بە پێستی ئەگەیەنێت.

٩-  کارئەکات بۆئەوەی پێست ڕەنگێکی تەندروستی هەبێت.


کەمی ئۆمێگا ٣ ئەکرێت ببێتە هۆی ئەم کێشانەی خوارەوە بۆ پێست یان خراپتر بوونیان:

١- ئاکنی

٢- ڕۆزەیشە

٣- هەوکردنی پێستی دەوروپشتی دەم

٤- سەدەفیە

٥- ئەکزیما

٦- میلیا

٧- پەڵەی پێست

٨- وشکی پێست


ڕۆژانە پێویستت بە ٤٥٠ ملگم لە ترشە چەوریەکانی ئۆمێگا ٣یە. هەرکەسێک هەفتەی دووجار ماسی بخوات کە لایەنی کەم جارێکیان ماسی چەور بێت بڕی کافی لە ئۆمێگا ٣ وەر ئەگرێت.

زۆرینەی  خەڵک ڕۆژانە زیاتر لە  بڕی پێویست لە ترشە چەوریەکانی ئۆمیگا ٦ وەر ئەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا  گرنگە هاوسەنگیەک هەبێت لە نێوان بڕی ئۆمێگا ٦و ئۆمێگا ٣دا کە ئەکەوێتە نێوان ١:٣ و ١:٥ ،، ئەمەش پێچەوانەی بەرنامەی خواردنی زۆرێک لە خەڵکە لە جیهاندا  کە هاسەنگیەکەی ئەگاتە ١:١٠ و١:٣٠ کە زۆر لایداوە لە هاوسەنگیە نمونەیەکە.  ئەنجام  ئەبێتە هۆی هەوکردنی پێست و وەستانی کاری هۆرمۆنی ئەنسۆلین کە شەکر ڕێک ئەخات لە لەشدا.

سەرچاوە خۆراکیەکانی ئۆمێگا ٦ پێکهاتوون لە زەیتی گوڵەبەڕۆژە، زەیتی گەنمەشامی و زۆربەی زەیتە ڕووەکیەکان هەروەها هەناوی ئاژەڵ و هێلکە.


کەواتە: وریابە  بەهۆی کەمی بڕی ئۆمێگا ٣ و زۆری بڕی ئۆمێگا ٦ لە لەشدا دوگمەی هەوکردن دائەگیرسێت...بۆ  ڕاگرتنی ئەم هاوسەنگیەش پێویستە بە لایەنی کەمەوە هەفتەی دوو جار ماسی چەور بخۆیت،  ئەگەر نا ئەوا لە ڕێگای  خواردنی کەبسولی  ڕۆن ماسیەوە قەرەبووی کەمی ئۆمێگا ٣ بکەرەوەوە.





(دەنگدراوە: 1)


وێنە

کتێبی (پێستی تۆ)