پێستی تۆ

Wednesday, 11.25.2020, 03:23 PM (GMT+2)

بایەخدان بە پێست » سروشتی

ئەلۆ ڤێرا لە بواری جوانکاریدا

(2355 بینراوە)   | Friday, 09.08.2017, 05:26 PM |



ئەلۆ ڤێرا ڕووەکێکە کە ئاوێکی زۆر کۆ ئەکاتەوە لە ناو گەلاکانیدا و سەر بە خێزانی نێرگزی کێوی و ڕەگەزی ئەلۆیە. دوو ناوی زانستی هەیە ئەوانیش:

-          Aloe vera

-          Aloe Barbadensis Miller

لە بنەڕەتدا لە وڵاتانی جەزیرەی عەرەبیەوە هاتووە، هەروەها لە ئێستادا ئەڕوێت لە  وڵاتانی نزیک دەریای ناوەڕاست، ئەفریقا، هندستان، چین، مەکسیک و چەند وڵاتێکی تر.


ئەلۆ ڤێرا یەکێکە لە  ڕووەکە ناسراوە پزیشکیەکان، لە کۆندا پزیشکە یۆنانیەکان بەکاریان هێناوە لە چارەسەرەکانیاندا، ئەسکەندەری مەکدۆنی ئەم ڕووەکەی بەکارهێناوە بۆ چاک بوونەوەی سەربازەکانی سوپاکەی لە نەخۆشی.

میسریە کۆنەکانیش  جگە لە دەرمان بۆ گرنگیدان بە پێست و پاراستنی لاشە مردووەکان بەکاریان هێناوە. ئەوەندە گرنگ بووە لایان ناویان ناوە ڕووەکی نەمری و نهێنی کلیۆپاترای شاژن بووە لە بواری جوانکاریدا.

ئەلۆ ڤێرا لەبەر سودە سەرسورهێنەرەکانی چەند ناوێکی لێ نراوە وەک ڕووەکی موعجیزە، گۆچانی سیحری، دکتۆر ئەلۆی....هتد


ڕووەکەکە قەدێکی کورت و تەختەئاسایی هەیەو بەرزیەکەی ئەگاتە ٣٠-٥٠ سم. گەڵاکانی ڕەنگەکەی سەوزی شین باوە و شێوەی لولەییە، قەراغەکانی دڕکاویە ، درێژیەکەیان ئەگاتە  ٤٠-٥٠ سم، پانی بنکی گەڵاکانی ئەگاتە ٧-٨ سم  و لە لوتکەکەیانەوە باریک ئەبنەوە بۆ نوکێک. گەلای ئەلۆی ڤێرا ئاوگێکی زۆری تێدایە کە وەک جێڵ وایە. ٩٥٪ ی ئاوە و ٥٪ ی ماددە کاراکانە وەک دژە ئۆکسانەکان، کانزاکان وڤیتامینەکان.


سودەکانی ئەلۆ ڤێرا

ڕووەکی ئەلۆ ڤێرا سودی زۆرە بۆ تەندروستی، لە ڕێگای بەکارهێنانیەوە  بە شێوەی ناوەکی و دەرەکی. ناوەکی واتا بە خواردنی ئاوگەکەی بە تازەیی وە یان لە ڕێگای کەبسول و پاودەر و خواردنەوەی ئامادەکراو.

رێگا دەرەکیەکەش بەکارهێنانی ئاوگی ئەلۆی ڤێرایە بۆ بۆ پێست و قژ. ئەکرێت ڕاستەوخۆ بە تازەیی بەکاربهێنرێت، هەروەها بە ئامادەکراویش لەبەرهەمەکانی جوانکاریدا. ئەلۆ ڤێرا چەند سودێکی سەرسوڕهێنەری هەیە بۆ پێست، ئەوانیش:


- لەبەرئەوەی بڕێکی باش لە ڤیتامینەکانی وەک A, C, E, B تێدایە، پێست لە پیربوون ئەپارێزێت و  هانی دروستبوونی کۆلاجین ئەدات و پێست توند و تۆڵ ئەکات.

- بەکاریەت دژی کێشەکانی پێست وەک ئاکنی (زیپکە)، پەڵە، ئەکزیما، سەدەفیە هەروەها خەت خەت بوونی پێست Striae.

- پێست شێدار و نەرم ئەکات.

- بڕێکی باش لە ماددەی Anthraquinone تێدایە کە ئازار شکێنە و دژە بەکتریایە و کەڕو ئەکوژێت.

- چەند ماددەیەکی دژەهەوکردنی تێدایە کە پێست هێور ئەکەنەوە و لە بێزاربوون ئەیپارێزن، هەربۆیە بۆ پاکردنەوەی برین بەکاریەت.

- یارمەتی چاکبوونەوەی برینی سوتاوی و برینی جێ گازی حەشەرات ئەدات.

- یارمەتی چاک بوونەوەی پێست ئەدات پاش سوتان بەهۆی تیشکی خۆرەوە.

-  پێست هێور ئەکاتەوە و بێزاریەکانی پێست کەم ئەکاتەوە. 


هەندێک لە پێکهاتەکانی ئاوگی ئەلۆ ڤێرا ناجێگیرن و ئەئۆکسێن لە هەوادا، بەمەش پاش لێکردنەوەی  گەڵاکە لە کاتێکی زۆر کورتدا  بەهاکەی لەدەست ئەدات. هەربۆیە هەڵبژاردەکی باشە ئەگەر خۆت ڕووەکەکەت هەبێت لەماڵەوە، هەرکاتێک ویستت ئەتوانیت لقێکی لێ بکەیتەوە و ڕاستەوخۆ بەکاری بهێنیت. لەبەر ئەم هۆکارە ئەگەر ڕەچاوی ئەم خاڵە نەکرێت لەکاتی بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمانەی کە ئەلۆ ڤێرای تێدایە ئەوا بەرهەمەکە سودەکەی لەدەست ئەدات.

لێکۆڵینەوەیەکی زانستی دەریخستووە کە زۆریک لەو بەرهەمانەی کە ئەلۆ ڤێرای تێدایە کاری خۆیان ناکەن وەک ئەوەی کە مەبەستە، بەهۆی نزمی کوالیتی بەرهەمهێنانیان یان بەهۆی ئەوەی کە بڕێکی کەمی تێدایە.


ئەگەر ڕووەکەت لەبەردەستدا نەبوو باشترە هەڵبژێریت بۆ ئەو بەرهەمانەی کە هیچ پێکهاتەیەکی تری تێکەڵ نەکراوە و بەڵکو تەنها ئەلۆ ڤێرایە ١٠٠٪ ، هەروەها دووربکەوەرەوە لەو بەرهەمانەی کە لەو قوتووانەدا هەڵگیراون  پاش کردنەوە هەوای تێ ئەچێت،  بەڵکو هەڵبژێرە بۆ قتووی پەمپدار یان تیوب.

بەکارهێنانی ئاوگی ئەلۆ ڤێرا زۆر ئاسانە ئەویش بە پاککردنی گەڵاکە و دەرهێنانی ئاوگەکەی ناوی کە لە جێڵ ئەچێت، پاشان ڕاستەخۆ ئەتوانیت بەکاری بهێنیت بۆ پێست و قژ هەروەها ئەتوانیت بیخۆیت. ئەگەر زانیت پێستت زۆر ووشکە ئەتوانیت لەگەڵ زەیتی سروشتی تێکەڵی بکەیت.







(دەنگدراوە: 1)


وێنە

کتێبی (پێستی تۆ)