پێستی تۆ

Wednesday, 11.25.2020, 04:10 PM (GMT+2)

بایەخدان بە پێست » بابەتی تر

ڕێنمایی ئاڵتونی دەربارەی چارەسەرکان بە لێزەر

(2196 بینراوە)   | Wednesday, 05.24.2017, 09:29 AM |



ئاشکرایە کە ئەمرۆ زۆرینەی کێشەکانی پێست بە لێزەر چارەسەر ئەکرێن، ئەم چارەسەرانەش بە شێوەیەکی  گشتی هەرزان نین سەرو ئەوەش سەد لەسەد بێ مەترسی نین، هەر بۆ ئەو مەبەستە گەر ئەتەوێت ئەنجامێکی باش وەربگریت لەو چارەسەرانەی کە بە لێزەر بۆت ئەنجام ئەدرێن ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکە:


١- لەلای کەسی شارەزا و پسپۆر چارەسەرەکە ئەنجام بدە:

هەرچەندە ئامێرەکانی لێزەر ئەنجامی سەرسوڕهێنەر بەدەست ئەهێنن بەلام ئەگەر بەدەست کەسی نەشارەزاوە بن ترسناکن و ئەکرێت ببنە هۆی دروستبوونی پەڵەی تۆخ  واتا ئەو پەڵانەی کە بە هۆی ناڕێکی و تێکچونی بەرهەمهێنانی میلانینەوە دروست ئەبن، هەروەها  دروست بوونی پەڵەی جێگە برین و هەوکردن. چانس هەیە کە ئەم کێشانە بۆ هەمیشە بمێننەوە.


٢- چارەسەرەکە و جۆری ئامێرەکە:

هەتا سەنتەری جوانکاریەکان  ئامێری لێزەری زیاتریان هەبێت ڕێگا چارەسەری زیاتریشیان هەیەو باشتر ئەتوانن بیگونجێنن لەگەڵ کێشە تایبەتیەکانی پێستدا، ئامێرێکی لێزەر بوونی  نیە کە چارەسەری هەموو کێشەکانی پێستی پێ بکرێت.  سەنتەری باش چەندین جۆر ئامێری لێزەری هەیە و کارمەندەکان ئەزانن کە چ جۆرە ئامێرێک شیاوە بە گوێرەی کێشەی پێستەکە بۆ ئەوەی باشترین ئەنجام بە دەست بهێنێت.


٣-لێزەرە باشەکان نرخەکانیان گرانە، ئەگەر بەراوردی نرخ ئەکەیت پێویستە بەراوردی ئامێرەکە و جۆری چارەسەرکەش بکەیت هەموو کاتێکیش چارەسەرە سەرسوڕهێنەرەکان تەنها بە لێزەر ئەنجام نادرێن بەڵکو چارەسەری تیشکیش هەیە بۆ نمونە IPL.


٤- ئەنجامی چارەسەرەکان:

فریو مەدرێ بەو وێنانەی کە لە ماڵپەر و ڕیکلامی سەنتەرەکانی جوانکاریدایە ( پێش چارەسەر/دوای چارەسەر) چونکە  مەرج نیە ئەوانە لە ڕاستی بدوێن. کەسی کارامە و ڕاستگۆ لە سەنتەرەکانی چارەسەر بە لێزەر ڕاستگۆیانە لە ئەنجامی چارەسەرەکە ئەدوێت و  موشتەریەکە ئاگادار ئەکاتەوە   لە  ئەنجامە نەخوازراوە لاوەکیەکان.


٥-لێزەرە بەهێزەکان کاریگەری لاوەکیشیان هەیە:

زۆرینەی  ئامێری لێزەرە بەهێزەکان ئەنجامی زۆر سەرسوڕهێنەر ئەدەن بە دەستەوە بەڵام کاریگەری لاوەکیشان زۆرە و  ماوەی چاکبوونەوەی کەسی چارەسەرکراو تا ڕادەیەک درێژخایەنە. لێزەرێک کە ئەنجامێکی باشی سەرسواڕهێنەر بدات بە دەستەوە و کاریگەری لاوەکی نەبێت بوونی نیە. لەبەر ئەوە پێش ئەوەی چارەسەرەکە ئەنجام بدەیت داوای زانیاری بکە دەربارەی کاریگەرییە سەرەکی و لاوەکیەکان.


٦-گرنگە سەرەتا شیکاری پێستت بۆ بکرێت:

کەسی شارەزا پێس ئەوەی دەست بکات بە چارەسەر، شیکاری پێستی مشتری ئەکات هەتا بە ووردی دەستنیشانی کێشەی پێستەکە بکات.


٧-  گرنگە سەرەتا تێستێکی بچوکت بۆ ئەنجام بدرێت:

هەر پێستەو جۆرە وەڵامدانەوەیەکی خۆی هەیە بۆ ئامێرەکانی لێزەر، بۆ نمونە ئەکرێت پەڵەیەک خراپتر  و تۆختر ببێتەوە بە چارەسەرەکە، بۆ خۆپاراستن لەمە زۆر گرنگە پێش ئەوەی چارەسەی یەکجاریت بۆ  ئەنجام بدرێت، تێستێکی بچوکت بۆ بکرێت لەسەر ئەو شوێنەی کە چارەسەرەکەی بۆ ئەنجام ئەدرێت پاشان بە گوێرەی ئەنجامی تێستەکە بڕیار بدرێت ئایا ئەو چارەسەرە گونجاوە بۆ تۆ  یان نا.





(دەنگدراوە: 1)


وێنە

کتێبی (پێستی تۆ)