پێستی تۆ

Wednesday, 11.25.2020, 04:08 PM (GMT+2)

بایەخدان بە پێست » بابەتی تر

Skin barrier بەربەستی پێست

(4745 بینراوە)   | Tuesday, 05.16.2017, 12:01 AM |


بەربەستی پێست خاسیەتێکی سروشتیە لە پێستدا بە هۆیەوە پێست لەش ئەپارێزێت لە وشکبوونەوە و ماددە زیانبەخشەکانی دەرەوە. چۆن؟

توێی سەرەوەی پێست پێکهاتوە لە چەند چینێک خانەی مردوو وە خانەی زیندوو، خانە مردووەکان ئەکەونە چینەکانی سەرەوە و پێکەوە بەربەستێک پێک ئەهێنن و خانە زیندووەکانی چینەکانی ژێرەوە ئەپارێزن، بەوەی هاوسەنگی شێ  لە پێستدا ڕائەگرن و ڕێگا بە هەموو ماددەیەک نایەن بچێتە خوارەوە بۆ ناو چینەکانی ناوەوەی پێست.

بۆ نمونە ڕێگا بە تێپەڕبوونی ئاو نایەن ئەگەر وا نەبوایە بیر بکەرەوە پاش خۆشتن چی ڕووی ئەدا؟! هەرکاتێک ئەم چینەی پێست توشی بێزارکردن و عەزێتدان بوو ئەوا ئەم خاسیەتە لاواز ئەبێت، ئەنجام پێست ڕووبەڕووی وشکی و کێشەکانی تری پێست ئەبێتەوە ( بە وردی دیقەتی هەردو ئەوێنەکەی خوارەوە بدە).

پێست چەند دەمیلەیەکی تێدایە بۆ کردنە دەرەوەی ئەو ئارەق و چەوریەی (Sebum) کە  ئارەقڕژێن و چەوریڕێژێنەکان دەری ئەدەن، گەورەیی ئەم کونیلانە و بڕی دەردانی ئارەق و چەوری لە کەسێکەوە ئەگۆڕێت بۆ کەسێکی تر. چەوری و ئارەقڕژێنەکان ئەکەونە چینە ناوەندەکەی پێست و بە ڕێژەیەکی جیاواز دابەشبوون لە پێستی بەشەکانی لەشدا، بۆ نمونە لەپی دەست چەوریڕژێنی تێدا نیە. ئەم ئارەق و چەوریانە لەگەڵ ئەو بەرهەمانەی کە لە ئەنجامی پرۆسەی مردنی خانەکانەوە دروست ئەبن تێکەڵەیەک دروست ئەکەن بەسەر ڕووی پێستەوە کە پلەیەکی ترشی (ژمارەی هایدرۆجینی/ (PH تایبەت بەخۆی هەیە و ئەگاتە ٤،٥ ٥،٨ کە ناوئەبرێت بە Acid mantle واتا بەرگ یان باڵاپۆشی ترش.  ئەم بەرگە پێست لاستیکی ئەکات و ئەیپارێزێت لە وشکبوونەوە، هەروەها بەرگری لێ ئەکات دژی ئەو وردە زیندەوەرانەی دەرەوەی لەش کە هۆکاری نەخۆشین. بە شێواندنی ئەم هاوسەنگیە پێست ڕووبەڕووی کێشە ئەبێتەوە بۆ نمونە بەهۆی بەکارهێنانی ئەو خاوێنکەرەوانەی کە بەهێزن و چەوری ئەتوێننەوە.

لە چینە مردووەکەی پێستدا بە هاوسەنگیەکی دیاریکراو وردە زیندەوەری تێدا ئەژی (Microorganism) کە بە چاو نابینرێن بەمەش ئەوترێت Skin flora، ئەم زیندەوەرانە زۆربەیان بەکتریان و بەسودن بۆ لەش، بەرگری لە پێست ئەکەن دژی وردە زیندەوەرەکانی دەرەوەی لەش کە هۆکاری نەخۆشین. بە شێواندنی ئەم هاوسەنگیە ژمارەی ئەم زیندەوارانە بێ شومار زیاد ئەکات و ئەنجام پێستەکە دوچاری کێشەو نەخۆشیەکانی پێست ئەبێتەوە  بۆ نمونە ئاکنی.


بۆ ئەوەی بەربەستی پێست بە تەندروستی بمێنێتەوە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکە:

١- هەرگیز ئاوی زۆر گەرم یان زۆر سارد بەکار مەهێنە بۆ خاوێنکرنەوەی پێستت،  هەروەها زیاد لە پێویست مەیشۆ، چونکە ئاو پێست وشک ئەکاتەوە.

٢-  دوور بکەوەرەوە لە بەکارهێنانی ئەو خاوێنکەرەوانەی کە پێست وشک ئەکەنەوە بۆ نمونە سابون و ئەو خاوێنکەرەوانەی کە ئەم پێکهاتانەی تێدایە:

·         Sodium lauryl sulphate

·         Sodium laureth sulfate

پێکهاتەی دوەمیان کەمتر بەهێزە لەگەڵ ئەوەشدا نەگونجاوە بۆ پێستی وشک یان هەستیار.

٣- خۆت بپارێزە لە تیشکی خۆر

٤- دوور بکەوەرەوە  لە مانەوە لەناو ئاودا بۆ ماوەیەکی زۆر، بۆ نمونە لەناو بانیۆ یان مەلەوانگە.

٥-  دوور بکەوەرەوە لە ساونا یان حەمامی زۆرگەرم بەتایبەتی ئەگەر زۆر دووبارە ببێتەوە.

٦- دوور بکەوەرەوە لە بەکارهێنانی سکروب (دەنکۆڵەی زبری ورد بۆ داماڵینی پێستە مردووەکان) بە تایبەتی ئەگەر قەراغەکانی تیژ بێت یان بە توندی بەکاربهێنرێت.

٧- لابردنی خانە مردووەکانی پێست زیاد لە پێویست یان هەڵە بەکارهێنانی پاککەرەوە کیماییەکان ئەبنە هۆی ڕوشانی پێست و لاوازبوونی تواناکانی بەربەستی پێست.

٨-  دوور بکەوەرەوە لە بەکارهێنانی لفکە یان هەر شتێکی تری زبر.

٩- هەمیشە لە ژێر چاودێری پزیشک و کەسانی شارەزادا بە وریاییەوە دەرمان و چارەسەرەکانی پێست بەکار بهێنە، ئەگەر نا پێست بێزار ئەکەن و تواناکانی بەربەستی پێست لاواز ئەکەن.

١٠- دوور بکەوەرەوە لە بەکارهێنانی ئەو بەرهەمە جوانکاریانەی کە پێکهاتە بێزارکەرەکانی تێدایە بۆ نمونە کرێمی چواردەرمانە و حەوت دەرمانە و کرێمی بێ ناو و ناونیشان، هەروەها بوونی بۆن Parfum بە ڕێژەیەکی زۆر لە کرێمەکاندا.

١١- ماندووکردنی پێست بە تێکەڵ کردن و بەکارهێنانی شتی جۆراوجۆر و ناتەندوست.

                                                                                     

   






(دەنگدراوە: 1)


وێنە

کتێبی (پێستی تۆ)